16/04/2026
🌿 ڕۆژی ژینگەی کوردستان… لە سەدای دڵی سروشتەوە بۆ هیوای سبەینێمان
کۆمەڵگایەکی هۆشیار و ژینگەدۆست لە پەروەردەکردنی تاکەوە دەستپێدەکات. ئەم هۆشیارییەش لە تەمەنێکی زوو، لە باخچەی ساوایان و قۆناغی بنەڕەتی، گرنگە بنیات بنرێت بە بناغەیەکی تۆکمە.
منداڵێک کە فێر دەبێت پارێزگاری لە ئاو و هەوا و خاک و هتد. بکات، لە داهاتوودا دەبێتە هاوڵاتییەکی بەرپرسیار. چونکە سایکۆلۆژی منداڵ زۆر ناسکە و خێرا دەچێتە ژێر کاریگەرییەوە، و کاتێک لە چوارچێوەی پەروەردەیەکی ژینگەیی دروستدا گەشە دەکات، بنەمای کەسایەتییەکی بەهادار و بەرپرسیار لەناخیدا دەڕوێت.
ڕۆژی ژینگەی کوردستان (١٦/٤) دەبێت تەنها بۆنەیەکی سیمبولی نەبێت، بەڵکو دەرفەتێک بێت بۆ دروستکردنی هەست و ڕەفتاری ژینگەدۆستی لە نەوەی نوێدا. ئەمەش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی نیشتمانسازی و نەتەوەپەروەری.
کلتووری ژینگەدۆستی واتە میهرەبانی و سۆز لەگەڵ سروشت و گیانەوەران. تاکێک کە لەگەڵ دار و درەخت و گوڵ و گیانەوەران بە سۆزو خۆشەویستییەوە مامەڵە بکات، لەگەڵ مرۆڤیش بە خۆشەویستی و تەباییەوە دەژیت.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا، ژینگەی ئێمە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە: گۆڕانی ئاو و هەوا، پیسبوونی ئاو و هەوا و خاک، زۆربوونی پاشماوە، و سوتان و بڕینەوەی دارستانەکان، و شێواندنی تابلۆی نەخشینی سەیرانگاکان بە پاشماوە و هتد.
چارەسەری ئەمانە تەنها بە بوونی یاسا و جێبەجێکردنێکی لاواز بەس نییە، بەڵکو پێویستی بە چەسپاندنی بنەماکانی حوکمڕانی ژینگەیی هەیە لە ووڵاتدا، بۆ بوونی یاسا و دامەزراوەی کارا و بەرپرسیار کە لە میانەیدا هۆشیارییەکی بەهێزی ژینگەدۆستی و بەشداری هەموان لە پارێزگاری ژینگە و پێکهاتەکانی دێنێتە بەرهەم.
بۆیە پێویستە وەزارەتی پەروەردە ڕۆژی ژینگەى کوردستان بکاتە دەرفەت و دەستپێکی پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ پەروەردەی ژینگەیی، بە ئامانجی دروستکردنی کلتووری ژینگەدۆستی و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار و ژینگەدۆست، و پارێزەری بەها ژینگەییەکان و بەرپرسیار بەرامبەر خاک و نیشتمان.
لەو پڕۆژەیەدا، وەزارەتی پەروەردە ساڵانە لە مانگی نیسان کار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکات:
• هەفتەی هۆشیاری ژینگەیی لە قوتابخانەکان ڕابگەیەنرێت.
• چالاکیی جۆراوجۆری کردارى و هونەری ئەنجام بدرێت.
• قوتابیان بە شێوەیەکی کردارى و چالاک بەشدار بن.
بەم شێوەیە، ژینگە دەبێتە بەشێک لە یادەوەرییە شیرینەکانی منداڵان، و هەستێکی قوڵی ژینگەدۆستی لە ناخیاندا دەڕوێنێت. لەگەڵ گەورەبوونیان، خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ژینگە گەورەتر دەبێت. ئەمەش دەبێتە ئینتمایەکی قوڵ و کردارى لە ناخ و ڕەفتاریاندا.
ئەوکات، ئەم تاکە—هەر پیشە و کارێکی هەبێت—بەهای پڕۆژەکەی لە پارێزگاری ژینگە و سروشتەکەی دەبینێتەوە.
لە کۆتاییدا، دەبێت بزانین کە منداڵانی ئەمڕۆ، خاوەنی کار و بەرپرسانی سبەین. ئەگەر ئێمە بەپەروەردەیەکى ژینگەیی دروست هۆشیارییان بکەین، ئەوان ژینگە وەک ماڵی خۆیان دەبینن و دەیپارێزن.
گەلانی سەردەست و پێشکەوتوو، یەکێک لە شانازییە گەورەکانیان ژینگەدۆستی کۆمەڵگاکەیانە.
یەکێک لەبۆشاییەکانمان لەهەرێم ئەم بابەتەیە، بۆیە پێشنیازدەکەم بەدانانی چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ستراتیجی نیشتمانی بۆ پەروەردەیی ژینگەیی تایبەت بە باخچەی ساوان و قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتووی کارا لەم بوارەدا، بەهاوبەشی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و دەستەی ژینگە کۆنفڕانسێکی زانستی ئەنجام بدرێت بۆ پسپۆڕان، بەئامانجى گەڵاڵەکردنی هێڵە گشتییەکانی ئەم پڕۆژە بەهادارە نیشتمانییە.
پێویستە هەموومان لەپەیامى ژینگەو سروشت تێبگەین و هەمیشە لەگوێمان بزرینگێتەوە کە بە بێ دەنگى پێمان دەڵێت: “من هەناسەو ژیانی تۆم… پارێزگاریم لێ بکە.”
د. مەهدی حمزە
١٦/٤/٢٠٢٦
07/01/2025
جوانترین و بەرزترین و سەرنجڕاکێشترین کەسایەتی مرۆڤ (ناوبانگ، سامان، بڕوانامە، بەهرەو شارەزایی و زیرەکی لەبوارێک یا چەند بوارێک، جوانی لەش و لار و ڕوخسار، پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی)ی هەبێ یاخود نەبێ، کێیە؟ وێڕای گەورەیی لەژیاندا، کە سێبەر و بۆن و بەرامەو ناوبانگی لەتەمەنی فیزیکی درێژتر دەبێت...وەڵامی من لە کۆمێنتە...
28/11/2024
بەهەدەردانی تەمەن...
گەورەترین هۆکاری بەهەدەردانی تەمەن و مانەوەو چەقبەستوویی لەبازنەی بچووک، وێڕای نائاگایی، تێنەگەیشتن و تەوزیف و وەبەرنەهێنانە لەو تواناو توانستە فراوانە لە ژیری و کەسایەتی مرۆڤ، کە خوای گەورە پێی بەخشیوەو، مایەی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورەی هەمەلایەنەی ژیانی خۆی و زۆرانی دیکەیە،
لەسەر بنەمای ڕەوایەتی و ڕاستگۆیی بڕۆ، بجوڵێ، بگەڕێ بەدوای ڕێگاو هۆکارەکانی سەرکەوتن لەبوارە جیاوازەکانی ژیان ، تێکەڵی کەسی باڵا لەعەقڵ و ئەزموون و سەرکەوتووبە، بخوێنەوە، ڕاوێژبکە، گەشتبکە، ئەزموون کەڵەکەبکەو بەهێزبە لەژیان.
وەکو خاوەنی ئەو موبایلە زیرەکە گرانبەهایە مەبە، کەتاعومری موبایلەکەی بەسەردەچێ ٥٪ی لێنازانێ و سودی لێوەرناگرێ.
ڕێزی نیعمەتی مرۆڤبوونت و ژیرییەکەت بگرە، بە پەیامداری و ڕووانینی ڕوون بۆ گەیشتن بەلوتکەو بوونە هیوا بۆ بۆخۆت و زۆرانی دیکە لەبازنەیەکی فروانتردا.
بەهێزبەو بڕۆ نێو مەیدانە پڕفشارەکان، بەرگەی سەختییەکان بگرە، دەروون و جەستەتی لەسەر ڕابێنە، وەک درەختێکی بەهێزی هەمیشە سەوز و بەردار، تا سایەو سێبەر و بەرهەمت بەردەوامبێ، بەجۆرێک بژی، تەمەنی دوای مردنت لە تەمەنی دونیاو فیزیکیت درێژتربێت.
ژیان فێری کردین، کە جیاوازی لەجۆری ژیان و باڵابوونی کەسایەتی تاکەکان لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە، لەتەوزیف و وەبەرهێنانی ژیری و ئەزموونیانە لە کۆمەڵگادا...
05/11/2024
بە ئیجازەی کۆمەڵناسان و دەرونناسان...
بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەو پرسیارە هاوشێوەکانیاندا بگەڕێ، دیدێکی فراوان و زانیاری قوڵت دەستدەکەوێ لەسەر دیوە جیاوازەکان و پۆلێنی درۆکردن و جیاکردنەوەی هەندێ حاڵەت لە درۆکردن...
- ئایا درۆکردن پانتاییەکی گەورەی لە دەربڕین و نیگاو زمانی جەستە لە ژیانی مرۆڤدا هەیە؟
- هاوواتاکانی درۆکردن هەمان هێزی دەربڕین و خێرایی گەیاندنی پەیامی ناوەڕۆکی درۆیان هەیە؟
ـ ئایا زیاتر لە جۆرێک و شێوازێکی درۆکردن بەڕەهایی لە ژیانی هەموو مرۆڤێکدا هەیە؟
- ئایا درۆکردن پێویستییەکی حەتمی ژیانە؟
- ئایا درۆکردن بۆ چەسپاندنی ناڕەوایی، جیاوازی چیە لەگەڵ درۆی موجامەلەی ڕۆتینیات ی ڕۆژانە بۆ دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی و ڕایی کردنی ئەرکەکان؟
- ئایا درۆکردن لە کڕین و فرۆشتن لای تۆ تا کەی و کوێ بڕدەکات؟
- ئایا مرۆڤ دەتوانێ بەڕەهایی، زمان و هەست و بیرکردنەوەو مامەڵەی لە هەموو درۆکردنێک بژاربکات یا ئەستەمە؟
- کامە درۆکردن خاوەنەکەی دەکاتە پەڕەموچەو هەموو قسەو هەڵس و کەوتێکی دەخاتە ژێر پرسیارو گومانەوە؟
- مرۆڤ چۆن دەتوانێ کەمترین درۆکردن لە ژیانیدا هەبێت؟
- ئایا ئەوانەی بانگەشەی ڕاستگۆیی و ڕاشکاوی ڕەها دەکەن لە ژیانیان، باوەڕیان پێدەکەی؟
- ئایا ئەو خێرا باوەڕکردنە بە ژیانی نمونەیی ئەوانی دیکە خۆ فریودان نییە؟
- لە ژیانی مرۆڤدا دروستکردنی ئاواتی نمونەیی و ئەستەم، کە تاڕاددەیەک ئاسودەیی دەبەخشێ بەخاوەنەکەی جۆرێکە لە درۆی خەیاڵی؟
- ئایا کاتێک مرۆڤ هەستەکانی دەشارێتەوە یا دەریان ناخات بەئامانجێکی تایبەت، بێ زیان گەیاندن بەهیچ کەس جۆرێکە لە درۆی سپی یا ناوی چی لێدەنێی؟
- ئایا ئەوەندەی درۆی بەرامبەرەکەت نیگەرانت دەکات چارەگی ئەوە بە درۆکانی خۆت نیگەران دەبیت لەخۆت و درۆی نێو قسەکانت؟
- کاتێ کەسێک پرسیارێک یا داوایەکت لێدەکات و ڕاستی پێناڵێی، بەڵکو خۆت لە بابەتەکە دەدزیتەوە بەڵام درۆشی لەگەڵ ناکەی، ئەوەش جۆرێکە لەدرۆی سپی یا چی پێدەگوترێت؟
- کێن ئەوانەی دەستیان کەشفە لە درۆکردن؟هههها
- کاتێ لەناخەوە پڕخەمی بەڵام ڕووێکی گەش و زەردەخەنە دەبەخشیەوە بەدەوروبەرت، بۆ ئەوەی بەشدارییان نەکەی لەخەمەکانت و ئازاریان نەدەیت، ئەمەشیان جۆرێکە لە درۆی سپی زمانی جەستە؟ یان ناچێتە چوارچێوەی پۆلێنی درۆ، بەڵکو هەڵوێستێکی ستایش کراوە؟
- ئایا درۆکردن بۆ خۆبردنەپێشەوە پێویستییە یا درۆیەکی زۆر ناشیرنە؟
- کاتێ لەگەڵ کەسێک لەسەر بوارێک دەدوێی بەڵام دەتەوێ مەبەستێکی دیکە بەدیبێنی، بێ ئەوەی زیان بگەیەنی بە بەرامبەرەکەت ئەوە چ جۆرە درۆیەکە یا دەچێتە چوارچێوەی زیرەکی و کارامەیی تاک؟
- ئایا لەگێڕانەوەو گفتوگۆدا موبالەغەکردن خاوەنەکەی بەرەو فێربوونی درۆکردن دەبات؟
- ئایا کەسێک درۆ هەر بۆ هەوەس بکات و لای ببێتە خوو، ئەو درۆیەی دوێنێ کردویەتی لەبیری دەمێنێ؟
- ئایا نمایشەکانی تاک لە ژیاندا چ کاتێک دەبێتە درۆیەکی ڕەش و ناشیرن؟
- ئایا هەستناکەی لەناخ و دڵتدا هەستێکی بەهێز هەیە بۆ جیاکردنەوەی درۆ و ڕاستییەکان؟
- ئایا نیەتی پاک و ڕاستگۆیی لەقسەو ڕاستپەروەری لە ڕەفتاری بەرامبەرت چ هەستێکی چێژبەخشی مەعنەویت پێدەبەخشێ؟
- بۆچی هەندێ کەس لە ژیانیان دەیان جار دەبنە قوربانی خۆشباوەڕی و درۆکانی بەرامبەریان؟
- ئایا کاتێک بۆت دەرکەوت کەسێک درۆی لەگەڵ کردووی هەرکام لە درۆی (سپی، ڕەش، خۆڵەمێشی، هتدد ...) چ هەستێکت بەرامبەری دەبێت؟ ئەی ئەگەر خۆت ئەو کەسەبووی؟
هیوادارم ئەم بابەتە پینە نەبێ بۆ درۆکردن بەڵکو دەروازەو کلیلێکبێ بۆ وشیاری و مامەڵەو هەڵسەنگاندنی دروست بۆ مامەڵەو قسەکانی خۆت و دەوروبەرت...
پێشینان ڕاستیان فەرمووە، درۆ پەتی کورتە...
04/11/2024
یەکێک لەهۆکارە سەرەکی و گرنگەکانی سەرکەوتنی هەنگاوەکانی تاک لە ژیاندا، پێویستە درۆناسێکی شارەزابێ...
03/09/2024
ئەوەی لە بەهای ڕاستەقینەی ژیان و تەمەن تێبگات، هەمیشە دەست و چاوی لەسەر بونیاتنان و چارەسەرە بۆ کێشەکان...
29/08/2024
زۆرینەی مرۆڤەکان لەدەرەوەی خۆیان بەدوای بەدەستهێنانی ڕێز و پێگەو دروستکردنی کەسایەتیانن، کەچی بێئاگان لای خۆیانە، لە ناخ و ڕەفتاریاندایە و لەوێوە بەدەستی دێنن...
25/07/2024
قيل:
خالطوا النَّاس مخالطةً إن غبتم حنُّوا إليكم،
وإن متُّم بكوا عليكم...
10/07/2024
ای برادر تو همان اندیشهای
ما بقی تو استخوان و ریشهای
گر گُلَست اندیشهٔ تو، گلشنی
وَر بُوَد خاری، تو هیمهٔ گُلخَنی
مولوی بلخی(١٢٠٧-١٢٧٣ز) دفتر دومی مثنوی
ئەی برا تۆ هەر هزر وئەندێشەی
جگە لەوە تۆ ئێسقان و گۆشتی
ئەگەر هزرت گوڵ بێت،گوڵستانی
کە بووییە دڕک، دارۆچکەی(کورەی)سوتانی
وەرگێڕ: دکتۆر عثمان ياسين
لە واڵی دکتۆر Othman Yaseen وەرگیراوە
06/06/2024
لە ڕۆژی جیهانی ژینگە لە دانشگای تەبرێزی حکومی، فاکەڵتی یاسا گفتوگۆی تێزی دکتۆراکەم، بەناونیشانی ئاڵنگاری و چارەسەریەکانی پاراستنی ژینگە لە یاسا ژینگەییەکانی عێڕاق و میسڕ بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا...
سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگارمان کە هەمیشە بە بەخشندەیی باڵی سۆز و بەزەیی و بەخشینی بەسەرماندا کێشاوە، هەموو چرکەساتەکانی ژیانمان و دەستکەوتەکانمان لەوەو هی ئەوە بەتەنها، ئەوەی دەمێنێتەوە هۆکارەکانە ئەویش هەر خۆی دەیڕەخسێنێ...
دوای نزیکەی چوارساڵ لەهەوڵ و شەونخونی و لێکۆڵینەوەی ووردی زانستى و بەدواداچوون لە چوارچێوەی ئاڵنگاری و چارەسەریەکانی پاراستنی ژینگە لە یاسا ژینگەییەکانی هەردوو وڵاتی عێڕاق و میسڕ گفتوگۆی تێزی دکتۆراکەم بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا، توێژینەوەی ئەکادیمی وێڕای سەختی و ڕەنجی زۆر بەڵام پڕە لە چێژی مەعنەوى دۆزینەوەی نوێ و گەیشتن بەزانست و زانیاری فراوانتر. لە ڕۆژی جیهانی ژینگە (٥ / ٦ / ٢٠٢٤) بەرامبەر (۱۶ / خرداد / ۱۴۰۳)ی هەتاوی پڕۆژەی خوێندنی دکتۆراکەم (Ph.D) لە گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و گەرمدا بەپایان گەیشت، زۆر سوپاس بۆ گەل و ووڵاتی ئێران کە بوونە ژینگەیەکی ئارام و باوەشێکی میهرەبان بۆمان، زۆر سوپاس بۆ دانشگای تەبرێز و فاکەڵتی یاسا کە بوونە دەرفەتى خوێندن و ئەو دەستکەوتە زانستییەمان، زۆر سوپاس بۆ هەر شەش پڕۆفیسۆری لیژنەی گفتوگۆی تێزى دکتۆراکەم هەریەکە لە بەڕێزان( د.رحیمی نژاد سەرۆکی فاکەڵتی یاسا، د.محمد رضا مجتهدی، د.سجاد موسوی، د.حسین ملکوتی، د.محمد مظهری، د.ایت مولائی) کە لە گفتوگۆکەماندا بە هاندان و ڕێنمایی و سەرنج و ڕەخنەکانیان زیاتر بەهرەمەندیان کردم، زۆر سوپاس بۆ سەرپەرشتیاری تێزی دکتۆراکەم ڕێزدار (د.ایت مولائی) کە ڕێپیشاندەر و پشتیوانێکی ئەکادیمی گەورەم بوو، بەڕێزیان دکتۆراکەشیان (١٧) ساڵ لەمەو بەر لە بواری یاسای ژینگەیی بەدەستهێناوە، زۆر سوپاس بۆ خانەوادەکەم و هەموو ئەو دۆست و ئازیزانەی کەم و زۆر هاوکارم بوون، زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو مامۆستاو دۆست و هاوڕێیانەى لەماوەى ئەو چوارساڵە بۆم پەرۆشبوون و بەردەوام هەواڵیان دەپرسیم و هێزێکی مەعنەوى گەورەیان پێ بەخشیم، پشتیوان بەخوا ئەو دەستکەوتە زانستی و پسپۆڕییەمان دەخەینە خزمەتی ژینگە بەگشتی و ژینگەی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت.
لە کۆتاییدا دەمەوێ بەدڵ سوپاسى ئەو پۆلە لە هاوڕێ خۆشەویستانەم بکەم لە دانشگا، کە لە کاتژمێر ٨ی بەیانییەوە تا دوای نیوەڕۆیەکی درەنگ لێنەگەڕان هیچ نوقستانى و کەم و کوڕییەک لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆی تێزى دکتۆراکەم دروستبێ هەر لە وێنەگرتنەوە تا پڕکردنەوەى بچووکترین پێویستیان لە ئەستۆگرت، بۆمن مایەی شانازین...
29/05/2024
لەگەڵ دکتۆر کاروان ی هاوڕێی خوێندن و برا، گەشتی خوێندنی باڵا(ماستەر)مان لە تارانەوە لەگەڵ کۆمەڵێک ئازیزی دیکە لە شارەجیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە پسپۆڕی خۆمان دەستپێکرد و تەواوکرد، بێ ئەوەی هیچ ئاشنایەتییەکمان بەزمانی فارسی و ئێران هەبێ لە سەرەتاوە، بەڵکو بە سەرکێشی و باوەڕبەخۆبوون خۆمان خستە قوڵایی وڵاتی ئێران و لە پایتەختەکەی گیرساینەوە، ئەگەرچی لە سەرەتادا نا ئاشنایەتی و نەزانینی زمان ماندووی کردین بەڵام هەرسێ مانگی یەکەم زەحمەت بوو، دواتر زاڵبووین بەسەر کۆسپەکان، پاشان بێ پسانەوە دووقۆڵی تێهەڵچووینەوەو لە دانشگای تەبرێز، خوێندنی دکتۆرامان (Ph.D)لە یاسای گشتی دەسپێکردەوە.
لە ماوەی هەردوو خوێندنەکەمان، کە نزیکەی شەش ساڵە، هەوڵ و کۆشش و شەونخونی و هاتن و چوونمان بۆ تاران و تەورێز زانست و زانیاری و ئەزموونێکی زۆرمان خستە سەر پاشخان و خەرمان و هەگبەی زانست و ژیانمان، یادگاری زۆری تاڵ و شیرنمان بەسەریەکەوەنا، کە لەکۆتاییدا هەمووی شیرن دەبن، لە ڕاستیدا ئەو ماوەیەی ژیانمان ڕۆمانێکی زۆر سەرنجڕاکێش و چێژبەخشی لێ بەرهەمدێ ئەگەر بنوسرێتەوە، سوپاس بۆ خوا پێکەوە دوو هاوڕێ و برای تەباو هاوکارو هەماهەنگ و پشتیوان و تەواوکاری یەکتربووین، لە پێشینانەوە گوتراوە (بە بوونی هاوڕێ گرتنەبەری ڕێ)، خوا پشتیوانبێ لە چەند ڕۆژ و هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی تێزی دکتۆراکەمان بەسەرکەوتوویی ئەنجام دەدەین و ئەو کورتە گەشتەشمان بە پایان دەگات...
ئەزموونی ژیان فێری کردین گۆمی وەستاو ئاوەکەی تایبەتمەندییە باشەکانی لەدەستدەدا، مرۆڤ تا ژیان ئاوایی یەکجاری دەکات، دەبێ لە جوڵەو کۆششی ئامانجدار دابێ و نەوەستێ.
بەدی هێنەری بوونەوەریش سوننەتی ژیانی وا سازاندووە، بەخۆڕاگری و پێداگری و بەردەوامی لە سەر هەوڵەکان بۆ دەستهێنانی ئامانجەکان، بەدەستەوەدێ و ئەنجامی ئامانجەکان مسۆگەردەکات...
ایران - تبرێز - دانشگای تبرێزی حکومی سەراسەری
٢٩ / ٥ / ٢٠٢٤ میلادی
٩ / خرداد / ١٤٠٣ ی هەتاوی